هۆ جەلالی گڕ و گڕکان و بڵێسە و تۆڵە و ئاگر
هۆ جەلالی شوناسخواز و پێناسخواز و بەرگریخواز
هۆ جەلالی دەرەبەگتۆقێن، مڵهوڕبەزێن
هۆ جەلالی کۆشکڕووخێن، سەرەڕۆخەسێن
هۆ جەلالی زێڕی قاڵبووی ماکەی قەڵای بەرخۆدان و بەرەنگاری
هۆ جەلالی شێعرت کل و کلچێوکی چاوی بێچاوێنی یاران
هۆ جەلالی شێعرت باهۆزی گەردەلوولئافرێن بۆ نەیاران
هۆ جەلالی پێشەنگی خێڵی خاوەنپێنووسانی دەروەست
هۆ جەلالی هۆزانوانی هۆزی پێخاوسی پێناسەخواز
هۆ جەلالی هەژاران و پەشێوان و قانعان و حاجی و خانی
هۆ جەلالی کۆیە و قامیشلی و دیاربەکر و سابڵاغ
هۆ جەلالی ورمێ و سلێمانی و سنە و هەولێر
هۆ جەلالی هەڵۆی قەندیل و شاهۆ و ئاویەر
هۆ جەلالی شالووری شار و شاخ و کوێستان و لووتکە و هەڵدێر
هۆ جەلالی سنووربەزێن، کەوشەنڕووخێن، پەرژینپەڕێن
هۆ جەلالی پێشڕەوەکەی پێشەنگانی ئاڵاهەڵگر
هۆ جەلالی ڕچەشکێنی نەیارتەزێن، نەتەویبەزێن
هۆ جەلالی سەیدای هەڵوێست، شەیدای هەستان
هۆ جەلالی شێعرت هۆی ڕاسان و گرێی مستان
هۆ جەلالی کاوەکان و شاهۆکان و نیماکان و هیواکانمان
هۆ جەلالی دادە بەهیە و دایە ئامین
هۆ جەلالی دادەکان و دایەکانی ئەوڕۆ و دواڕۆژ
هۆ جەلالی «سروە» و «پڕشەنگ»، «کارەسات» و «زڕەی زنجیری وشە دیلەکان»
هۆ خاڵۆی ڕێبواری کیژ و کوڕی گەلی داماو
هۆ ماندووی ماندووییتارێنی چاخی پەژارەی هەرماو
تێرتێر، تۆخوا، بحەسێوە لە باوەشی خاکی دایکا
تێر تێر، تۆخوا، بحاوێوە لە ناو ڕایەخ و پێخەفی هەردی پاکا
تێر تێر، تۆخوا، ئۆقرەبگرە لە ناو لانکەی زەوی پاکژی زێدی دایک و باوکا
هۆخاڵۆی ڕێبواری کیژ و کوڕی گەلی داماو
هۆ ماندووی ماندووییتارێنی چاخی پەژارەی هەرماو
دڵئەرخەیان بەو دڵنیا، دڵحەساوەو ئۆقرەگرتوو
تاهەتایە چەپکەگوڵی شێعری نەژاکاو و هەرماوی تۆ
خەمڵێنەرن بە بەرۆکی کیژ و کوڕی ئۆگر و گراوی تۆ
چەپکەگوڵێ، پشکۆی ئاگردانی بەرەنگاریو
چەپکەگوڵێ، چرای ئاسۆی داهاتووی گەشی گەل
چەپکەگوڵێ، چرۆی ڕسکان و ڕوان و ڕاپسکان
چەپکەگوڵێ، چقڵی چاوی نەتەوییان و نەیارانی نەتەوە بێ
چەپکەگوڵێ، چرۆی پشکووتووی ئاواتی دێرینمانی لەناوا بێ
چەپکەگوڵێ، باغی وەبەرهاتووی هیوای گەلی بەدوادا بێ

بۆچوونهکان